||

کیمیای بەرگری شانەیی

پێشەکی:

کیمیای بەرگری شانەیی (IHC - Immunohistochemistry) دژەتەنە یەک جۆرەکان و دژەتەنە فرە جۆرەکان بەکاردێنێت بۆدۆزینەوە و دیاریکردن و دابەشکردنی دژەپەیداکەرەکان لە ناو شانەکاندا. دژەپەیداکەرەکانی تایبەت بە گرێکان دەکرێت بە شێوەیەکی نوێ دەربڕێن یان بە زیادەڕۆیی دەڕبرێن لە شانەکاندا، و دۆزینەوەیان دەتوانێت تێڕوانینێک پێشکەشبکات لەسەر باری تەندروستی خانە ئامانجدارەکان.

تەکنیکی IHC پێویستی بە وەرگرتنی نموونە لە شانەکان و بایۆپسی هەیە. لە دوای ئەوەی  نموونە پرۆسێس دەکرێت و لە بلۆکەکانی پارافیندا جێگیر دەکرێت، پارچەکان بە بەکارهێنانی مایکرۆتۆم دەبڕدرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ سەر سڵایدەکان. دواتر ئەم نموونانە لەگەڵ دژەتەنی گونجاودا کڕدەکرێن. شوێنەکانی بەستنەوەی دژەتەنەکان بە دژەپەیداکەرەکان دەکرێت بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپی ئاسایی یان فلۆرۆسەنت ببینرێن، بە یارمەتی نیشاندەرەکان وەک بۆیەی فلۆرۆسەنت یان ئەنزیمەکان یان توخمە تیشکدەرەکان یان زێڕی کۆلۆیداڵ، ئەم نیشانانە ڕاستەوخۆ دەبەسترێنەوە یان بە دژەتەنی سەرەتایی یان دووەمییەوە.

چەمکی بنەڕەتی کیمیای بەرگری شانەیی و بەکارهێنانەکانی لەساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا دەرکەوت، بەڵام ناسراو نەبوو هەتا ساڵی 1941 کاتێک یەکەم توێژینەوە لەسەر IHC بڵاوکرایەوە. کونز (Coons) و هاوکارەکانی دژەتەنەکانیان بەکارهێنا کە بەسترابوون بە فلۆریسین بۆ دیاریکردنی شوێنەکانی دژەپەیداکەرەکانی مایکرۆبی سیەکانpneumococci) ) بە وردی لە شانە تووشبووەکاندا.

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنیکەکانی  IHC، نیشاندەری ئەنزیمیی وەک پەرۆکسیدایز و فۆسفاتازی ئەلکالی ناسێندران. هەروەها نیشاندەرەکانی زێڕ بەکارهێنران بۆ دیاریکردنی کارلێکەکانی کیمیای بەرگری شانەیی لە هەردوو ئاستی میکرۆسکۆپیدا: ڕووناکی و ئەلیکترۆنی. نیشانەکانی تر توخمە تیشکدەرەکان لەخۆدەگرن، و دەکرێت نیشانکردنی تیشکدەری لە ڕێگەی ئۆتۆڕادیۆگرافیاوە autoradiography) ) نیشان بدرێت. ئامانجی IHC بەدەستهێنانی ڕەنگکردنی کوالیتی بەرزە کە کەمترین زیانی بۆ شانەکان هەبێت و کەمترین بڕی گونجاوی دژەتەنەکان بەکاربهێنێت بۆ دیاریکردنی ئاستی گرێکان و نیشانەکانی پەیوەست بەوان.

بەکارهێنانەکانی کیمیای بەرگری شانەیی

لەبەر ئەوەی کیمیای بەرگری شانەیی کارلێکە تایبەتەکان لە نێوان دژەپەیداکەر و دژەتەنەکانی جەستەدا لەخۆدەگرێت، سوودی گەورەی هەیە بە بەراورد بە تەکنیکی ڕەنگکردنە کۆنەکان  کە تەنها ژمارەیەکی سنووردار لە پرۆتینەکان و ئەنزیمەکان و پێکهاتە شانەییەکان دیاری دەکەن. بەو شێوەیە، IHC  بووەتە تەکنیکێکی پێویست کە بە فراوانی لە زۆر لە تاقیگەکانی توێژینەوەی پزیشکیدا و هەروەها لە دەستنیشانکردنەکانی کلینیکدا بەکاردێنرێت.

لە خوارەوەدا نۆ بەکارهێنانی کیمیای بەرگری شانەیی بە شێوەیەکی کورت دەخەینە ڕوو:

  1. لە نیشانەکانی پێشبینی شێرپەنجەدا

    IHC  بەکاردێنرێت بۆ دیاریکردنی پێشبینییەکان بۆ گرێکان لە ڕێگەی ناسینەوەی ئەنزیمەکان، دژەپەیداکەرەکانی تایبەت بە گرێ، گرێ خراپەکان، جینە گرێ سەرکووتکەرەکان، و نیشانەکانی زیادبوونی خانەکان بۆ گرێ. هەڵوەشاندنەوەی گرێکان بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایانە پێشکەوتنێکی بەرچاوی نیشاندا بە بەراورد بە ڕێگە نەریتییەکانی ناسینەوە و دیاریکردنی پلەی گرێکان.IHC  هەروەها بەکاردێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکان، پەرەپێدانی دەرمان، و توێژینەوە بایۆلۆژییەکان. لە ڕێگەی بەکارهێنانی نیشانە تایبەتەکانی گرێکانەوە، پزیشکان دەتوانن شێرپەنجە دەستنیشان بکەن (جا بێزیان بێت یان خراپ)، قۆناخ و پلەی گرێکە دیاری بکەن، جۆری خانە شێرپەنجەییەکان، و سەرچاوەی گواستنەوەکان.

  2. ئاوسانەکانی سەرچاوەی نادیار

    جۆرە جیاوازەکانی پانێڵی IHC توانای ناسینەوەی گرێ سەرچاوە نادیارەکانیان هەیە و هەروەها گرێ شوێن گواستراوەکانی سەرچاوەی سەرەتایان نادیارە. پانێڵە جیاوازەکانی دژەتەنەکان هەڵدەبژێردرێن بەپێی مێژووی کلینیکی، تایبەتمەندییە شێوەییەکان، و پشکنینەکانی شانەکان لەسەر پارچە جێگیرکراوەکان بە ڕەنگی  H&E، سەرەڕای ئەنجامەکانی توێژینەوە پەیوەستەکانی تر.

  3. پێشبینیکردنی وەڵامدانەوە بۆ چارەسەرکردن

    IHC  بە فراوانی بەکاردێنرێت بۆ پێشبینیکردنی وەڵامدانەوەی چارەسەرکردن لە دوو جۆری جیاوازی گرێ، کە بریتین لە شێرپەنجەی پرۆستات و شێرپەنجەی مەمک، کە گەشەی هەردووکیان لەلایەن هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و ئاندرۆجینەوە ڕێکدەخرێن. وەرگرە تایبەتەکان بۆ ئەم هۆرمۆنانە لە خانەکانی گرێ پەیوەستەکاندا هەن. گرێکان کە ئاستێکی بەرز لە ئەم وەرگرانە دەردەبڕن، نوێنەرایەتی ئامانجی دەرمانە گونجاوەکان دەکەن بۆ لابردنی سەرچاوەکانی ئەم هۆرمۆنە ناوخۆییانە یان بۆ چارەسەرکردن بە هۆرمۆن، لەوانە چارەسەرکردن بە ئیسترۆجین لە شێرپەنجەی پرۆستاتدا و چارەسەرکردن بەئەندرۆجین لە شێرپەنجەی مەمکدا.

  4. تووشبوون بە نەخۆشی

    ڕێگەکانی کیمیای بەرگری شانەیی بەکاردێنرێن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئامانجە تووشکەرەکان لە نەخۆشییەکانی وەک ڤایرۆسی گەورەکەری خانەکان cytomegalovirus))، ڤایرۆسی هێپاتایت  B، و ڤایرۆسی هێپاتایت  C. ئەم پرۆسە ناسینەوەییە لە شانەکاندا پشت دەبەستێت بە بەکارهێنانی دژەتەنی تایبەت دژی DNA یان RNA ی مایکرۆبی و پارامەترە مایکرۆبییەکانی تر. ئەم ڕێبازە بە بەردەوامی بەکاردێنرێت لە پشتڕاستکردنەوەی ئامانجەکانی نەخۆشی لە ڕێگەی شوێنکەوتنی دەربڕینی ئەم ئامانجانە لە شانە زیانلێکەوتووەکاندا لە بە درێژایی پڕۆسەی نەخۆشییەکە.

  5. زانستی جینەکان

    دەکرێت تەکنیکی کیمیای بەرگری شانەیی بەکار بهێنرێت بۆ دیاریکردنی کاری هەندێک جینی دیاریکراو لە پرۆسە بایۆلۆژییە بنەڕەتییەکاندا، وەک پرۆسەی مردنی خانەیی پرۆگرامکراو  (apoptosis) و فراوانکردنی دەربڕینی جینیەکان. بۆ نموونە، دەکرێت دژەتەنێکی یەک ڕەگەزی تایبەت دژ بە نموونەی p53 لە ڕێڕەوی مردنی خانەیی پرۆگرامکراودا بەکار بهێنرێت بۆ بەدواداچوونی.

  6. تێکچوونەکانی سیستەمی دەمارەکان

    تێکچوونی بزرکێنەرە دەمارییەکان کۆمەڵێکی بەرفراوانی نەخۆشییەکان لەخۆ دەگرێت کە بە کەموکوڕی لە کارکردن و مردنی پۆلێکی دیاریکراوی خانە دەمارییە هەستیارەکان تایبەتمەندن. گرنگی ئەم ڕۆڵە زیاد دەبێت لە پۆلێنکردنی تێکچوونە دەمارییەکان و پەرەپێدانی پێوەرە گرنگەکان بۆ دەستنیشانکردنیان، و کیمیای بەرگری شانەیی دەتوانێت یارمەتیدەربێت لەم دەستنیشانکردنانەدا.

  7. برینەکانی مێشک

    لە ساڵانی دواییدا، ڕەنگکردنی کیمیای بەرگری شانەیی بۆ پرۆتینی پێشەکی بێتا ئامیلۆیدprecursor protein) ) وەک ڕێگەیەک بۆ دەستنیشانکردنی برینی ئەکسۆنە دەمارییەکان بەکاردێت لە ماوەی دوو کاتژمێر تا سێ کاتژمێر لە دوای ئەوەی برینداربوون پشتڕاست کراوەتەوە. دەکرێت دەستنیشانکردنی کیمیای بەرگری شانەیی بۆ برینی ئەکسۆنەکان لە دیاریکردنی کاتی برینەکە لە چوارچێوە پزیشکی- یاساییەکاندا بەکار بهێنرێت.

  8. کیمیای بەرگری شانەیی و بەکارهێنانەکانی لە نەخۆشییە ماسوولکەییەکان

    دەستنیشانکردنی وردی dystrophiesىە ماسوولکەییەکان شتێکی گرنگە لەبەر دەرئەنجامە دەرکەوتووەکان لە نەخۆشییە جینییەکان و پێشبینیکردنیان بە وردی. لە ساڵانی دواییدا، بوونی چەندان تێکچوون لە پرۆتینە ماسوولکەییەکان لە حاڵەتەکانی dystrophy ماسوولکەییەکاندا پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم تێکچوونانە پرۆتینە ماسوولکەکانی کە لە سارکۆلیما هەن بە ئامانج دەکەنن، وەک تۆڕی دەرەوەی خانەیی، سایتۆسۆل، ناوک، و شانەکانی تری کە ڕیشە ماسوولکەکانیان تێدایە. بایۆپسی ماسوولکەی ئێسکەپەیکەر دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت لە جیاکردنەوەی dystrophy خوێنبەرەکان لە تێکچوونە نا dystrophyىەکان، و IHC دەتوانێت یارمەتی دەستنیشانکردنی Dystrophyىە جیاوازەکان بدات بەپێی بنەمایە پرۆتینییەکانیان.

  9. پرۆگرامەکانی توێژینەوە لە کیمیای بەرگری شانەیی و بەکارهێنانەکانی

    هەندێک لە توێژینەوە ئێستاکان پەیوەستن بە هۆکارەکانی نەخۆشییە بزرکێنەرە دەمارییەکان بە دیاریکردنی فاکتەرەکانی بەهۆکاری تاڵەکانی حەڵەزونی دووانە paired helical filaments))، نیشتەجێبوونی بێتا ئامیلۆید، کۆکردنەوەی سایتۆپلازمی، و هتد. بۆیە ئەنجامدانی ئەو توێژینەوانە بۆ دەستنیشانکردن و دیاریکردنی ئاستەکانی پرۆتینە ئاساییەکان کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی نەخۆشییە بزرکێنەرە دەمارییەکان گرنگییەکی گەورەی هەیە.   IHCبە بەکارهێنانی دژەتەنەکانی دژی بێتا ئامیلۆید، ئەلفا-سینوکلین، یوبکویتن، هانتینگتن,  پۆلی گلوتامین، و نیشانەکانی تر، بووەتە ئامرازێکی باو بۆ دەستنیشانکردنی وردی و دیاریکردنی کەمیەتی پرۆتینە ئاساییەکان لە شانەکانی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت. بۆیە IHC ئامرازێکی گرنگە لە تاقیگەکانی دەستنیشانکردن و توێژینەوەدا.