||

(cDNA) یانDNA ی تەواوکەر

بۆ لێکۆڵینەوەی دەربڕینی چەندایەتی جین، سەرەتا دەبێت  ناوکەترشی ڕایبۆزی (RNA) لە خانەکانەوە دەرهێنرێت، پاشان cDNA یان DNA ی تەواوکەر بە بەکارهێنانی ئەنزیمی نووسینەوەی پێچەوانە یان Reverse Transcriptase دروست دەکرێت. ئەنزیمی نووسینەوەی پێچەوانە ئەو ئەنزیمەیە کە دەتوانێت گەردیی  ناوکەترش (DNA) لە  ناوکەترشی ڕایبۆزیەوە (RNA) دروست بکات. گەردیی cDNA زنجیرێکە لە گەردیی  ناوکەترش (DNA) کە لە  ناوکەترشی ڕایبۆزیی پێگەیشتووی mRNA بەدەست دێت. بە ڕێگەی تەکنیکی Real-Time کارلێکی زنجیرەی پۆلیمیراز (PCR) دەتوانرێت شیکردنەوەیەکی چەندایەتی بۆ ئاستی دەربڕینی جینی داواکراو ئەنجام بدرێت.

دەتوانرێت جۆرە جیاوازەکانی پرایمەر لە بەرهەمهێنانی گەردیی  ناوکەترش cDNA بەکار بهێنرێن، وەک: oligo-dT، پرایمەرە تایبەتەکان، و هێکسامەرە هەڕەمەکییەکان. پرایمەری oligo-dT بۆ بەرهەمهێنانی  ناوکەترش (DNA) تەواوکەر لە mRNA بەکار دەهێنرێت، چونکە oligo-dT کۆتاییەکانی ڕیسی mRNA ی دەوڵەمەند بە تیمیدین تەواو دەکات و بە بەشی کۆتاییەکەیەوە دەبەستێتەوە. هێکسامەرە هەڕەمەکییەکان دەتوانرێن لە دروستکردنی  ناوکەترش (DNA) تەواوکەر لە جۆرەکانی تری  ناوکەترشی ڕایبۆزیی (RNA) دەرهێنراو بەکار بهێنرێن، چونکە بەستنەوەیان بە بەشە جیاوازەکانی  ناوکەترشی ڕایبۆزی (RNA) هەڕەمەکی دەبێت. کاتێک دەمانەوێت  ناوکەترشی ڕایبۆزی (RNA) وەک microRNA بەکار بهێنین، پرایمەرە تایبەتەکان بەکار دەهێنرێن.

قۆناغەکانی دروستکردنی  ناوکەترش cDNA بەم شێوەیە دەردەکەون:

نموونەکانی ناوەڕۆکی  ناوکەترشی ڕایبۆزی (RNA) دەگوازرێنەوە بۆ لووپەکان. پێویستە ئەو مادە تواوەی کە  ناوکەترشی ڕایبۆزی (RNA) تێیدا حەڵ دەکرێت بێ لە RNA ase. پاش ئەوە پرایمەرەکان زیاد دەکرێن بۆ لووپەکان.

لە قۆناغی دواتردا، پێویستە نموونەکان لە ئامێرەکانی سایکڵی گەرمی بۆ ماوەی پێنج خولەک لە پلەی گەرمی 65 پلەی سەنتیگرەید دابنرێن، لەوێدا ڕیسەکانی  ناوکەترشی ڕایبۆزی (RNA) بە تەواوی جیا دەبنەوە. پاشان نموونەکان بۆ ماوەیەکی کورت لەسەر سەهۆڵ دادەنرێن. دەبێت بڕێکی دیاریکراو لە ماستەرمیکس بۆ هەر لووپێک زیاد بکرێت، و لە کۆتاییدا نموونەکان بەر سووڕی گەرمی دەکەون. لە سووڕە یەکەمدا، لە پلەی گەرمی 55 پلە، پرایمەرەکان دەبەسترێنەوە پاشان ئەنزیمەکان زیاد دەکرێن و پرۆسەی دروستکردن دەست پێ دەکات. لە سووڕی دووەمدا، لە پلەی گەرمی 85 پلەی سەنتیگرەید، ئەنزیمەکان لە کار دەخرێن، و لە سووڕی سێیەمدا، نموونەکان سارد دەکرێنەوە. پاشان نموونەکان دەگوازرێنەوە بۆ پلەی گەرمی -20 پلەی سەنتیگرەید بۆ هەڵگرتن.